GuidePedia

سەرۆكی لێژنەی مافەكانی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان نوسراوێك ئاڕاستەی ڕای گشتی و وەزارەتی ناوخۆ دەكات لەسەر سوتانی ئەو كچەی كە لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كاردانەوەی زۆری بەدواداهاتوەو دووپاتی دەكاتەوە كەلەلایەن باوكیەوە سەرەتا بە چەقۆ لە دەستی دراوەو پاشان بەنزینی پێداكردوەو سوتاندویەتی ، داوش لە وەزارەتی ناوخۆ دەكات تۆمەتباری ئەو تاوانە دەستبەجێ دەستگیربكات .
بەپێی نوسراوێكی سۆران عومەر، سەرۆكی لێژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان كە ئاڕاستەی ڕای گشتی و وەزارەتی ناوخۆی كردووە ئەوە هاتووە: پاش بەدواداچون و لێكۆڵینەوەی سەرەتایی دەربارەی گیان لەدەستدانی كچە خوێنداكرێكی زانكۆی ئیشق بەناوی (سەروین نۆبەدار) كە دانیشتوی بلەو بارزانن ، بەپێی وتەی كەسە نزیكەكانی ئەم خانەوادە، سەروین لەلایەن باوكی بە بەنزین ئاگری لێ بەردراوەو سوتاوە ، پاش هەفتەیەك مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا .
بەپێی نوسراوەكەش لە گێرانەوەی كەسە نزیكەكانی ئەم خانەوادەدا هاتووە: لە 15/12/2016 بابی سەروین سەرەتا چەقۆی لەدەستی سەروین داوە ، دواتر بەنزینی پێداكردوەو ئاگری لێ بەرداوەو سوتاوە ، برایەكیشی بەهەمان هۆكار لەنێو ماڵەوە سوتاوە، بەڵام براكەی لەژیاندا ماوە ، بەڵام بەداخەوە دوای مانەوەی هەفتەیەك لە نەخۆشخانە، سەروین لە 22/12/2016 گیان لەدەست دەدات ، هۆكاری ئەم ڕووداوەش بۆ مەسەلەی خوازبێنی كچەكە دەگێڕنەوە .
هەروەها ئەوەش هاتووە: پێویستە لەسەر وەزارەتی ناوخۆ دەستبەجێ لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكە بكات و تۆمەتباری ئەم تاوانە دەستگیر بكات و ڕوبەڕووی دادگای بكاتەوە ، چونكە ترس هەیە لەپەرەپۆشكردنی تاوانەكەو بەلاڕێدابردنی ئەسڵی ڕووداوەكە .


 
Top