نێیمار دا سیلڤای بەرازیلی ئاشکرایکرد، لە سەرەتایی پەیوەندی کردنییەوە بە یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانییەوە بە حاڵەتێکی خراپدا تێپەڕیوەو لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی ڕزگاریکردووە، ڕایشیگەیاند کە ئەگەر بەدەست ئەو بێت ئەوا مارسێلۆ دەبات بۆ بارسا.
ئەستێرەکەی سامبا، ساڵی ٢٠١٣ پەیوەندی بە بارساوە کرد، بەڵام هەر لە سەرەتاوە ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆری میدیاکانی ئیسپانیا بوویەوەو گرەو لەسەر شکستی گرێبەستەکەی دەکرا.
لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵی CNN، نێیمار وتی: "دەمەوێت چیرۆکێکی خۆشتان لەسەر مێسی بۆ باس بکەم".
"کاتێک بۆ یەکەم جار هاتم بۆ ئێرە، حاڵم زۆر خراپ بوو، بەڵام مێسی ئەو کەسە بوو کە یارمەتیدام، ئەو بینی کە من دڵتەنگم و سەرم هەمیشە داخستووە، دەیزانی کە شتەکان بەباشی ناڕوات لەگەڵ من".
وتیشی: "مێسی پێی وتم بەردەوام لە کارەکانت و بەو شێوەیە یاریی بکە کە خۆت دەیزانی، ئەم قسانەی ئەو یارمەتیدام بۆ ئەوەی ئەو قۆناغە قورسەی ژیانم تێپەڕێنم، ئەو کەسێکە کە ڕێزێکی زۆرم هەیە بۆی".
نێیمار ئاشکراشیکرد کە هۆکاری سەرکەوتنی سێ هێرشبەرەکەی بارسا 'خۆی و مێسی و سوارێز' هاوڕێیەتی نزیکی نێوانیانە.
لەبەشێکی تری وتەکانیدا، نێیمار دانی بەوەدانا کە ئەگەر بەدەست ئەو بێت، ئەوا مارسێلۆی هاونیشتیمانی لە ڕیاڵ مەدریدەوە دەبات بۆ بەرشلۆنە.
لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەگەر ڕێگەم پێ بدرێت یەک یاریزانی ڕیاڵ مەدرید ببەم بۆ بارسا، ئەوا ڕۆناڵدۆ نابێت، بەڵکو مارسێلۆ هەڵدەبژێرم، چونکە ئەو هاوڕێمە".
نێیمار ستایشی سێ هێرشبەرەکەی ڕیاڵیشیکرد 'ڕۆناڵدۆ و بێنزێمە و بەیل' و بە سێ یاریزانی مەزن وەسفی کردن/